ڕه‌شه

Monday, August 30, 2004

ده‌رمان

له په‌نا كووره ته‌نه‌كه‌ كه‌م تینه‌كه‌ دا لێفه‌ی له خۆ هالاندبوو. ده‌مه‌و ئێواره‌یه‌كی ناوچاوان گرژی زستان، له خوێندنه‌وه به ده‌ر چ نه‌بوو بیكا.
ورده ورده ژووره‌كه تاریك داده‌گه‌ڕا و ئه‌نوه‌ر چاوه‌كانی  له كتێبه‌كه نیزیكتر ده‌كرده‌وه. ده‌یزانی ده‌بێ هه‌ستێ و چراكه‌ی هه‌ڵ‌كا، كه چی خۆی ده‌خافڵاند. به هیوا بوو یه‌‌ك وه‌ ژوور كه‌وێ و قامكێك به دوگمه‌ی چراكه دا بگرێ. ده‌مێك بوو وای لێهاتبوو، ده‌بوو یه‌كیتر دیار بێ تا داوای ئاو و چای لێبكا. چه‌ندی بۆی كرابایه میزی ڕاده‌گرت تا كه‌متر بچته ده‌رێ. خواردنیش هه‌ر وه‌ها، له به‌ر ده‌میان دا نه‌نابایه، نه‌یده‌خوارد.
خۆی له په‌نا سۆبه‌كه گرمۆڵه ده‌كرد یا لێفه‌یه‌كی له‌خۆی وه‌رده‌پێچا و چاوی ده كتێبه‌كانی ده‌بڕی. وه‌ نه‌بێ بیان خوێنێته‌وه یا پێیان دا بچێته‌وه، ڕسته‌یه‌كی ده‌ست پێده‌كرد و نه‌ده‌گه‌یشته‌ بنی ڕسته‌كه، هۆشی لێ نه‌ده‌ما. بیری له مردن ده‌كرده‌وه و چۆن مردن. دڵنیا بوو ده‌مرێ. له چاوه‌ڕێ بوون به ده‌ر چێدی پێ نه‌ده‌كرا!
نه‌خۆشخانه‌ و دوكتوریان پێ كردبوو، هه‌موو ده‌یان كوت هیچی نییه. له خوێن و میز و ئه‌شعه‌ دا چ نه‌خۆشی دیار نه‌بوو كه چی به جێ و بان كه‌وتبوو. نووشتوو و دوو‌عایان بۆ نووسیبوو و كۆڵێكیان ئاوه نووشتوو ده‌رخوارد دابوو، چ چاتر نه‌ببۆوه.
گومانی دڵداریان لێ كردبوو، به دایك و باب و پووران به ته‌ما بوون ناوێكی لێ ببیسن هه‌تا وه‌خۆ كه‌ون، كه چی كه‌س له گۆڕێ دا نه‌بوو. هه‌موو هه‌ر چاوه‌ڕێ بوون...
                                                       ****
ده‌نگی ئاواڵه بوون و پێكدادرانی ده‌رگا و كۆخه و نیخه‌ی سینگی بابی هات. مام كه‌ریم ده‌رگای كرده‌وه، هاته ژوورێ و چرای پێ‌كرد. ئه‌نوه‌ر سلاوێكی كرد و چاوی بڕیه‌وه جه‌غزه‌كانی كتێبه‌كه. بابی پرسی: ئه‌ی ماڵێ له كوێن؟
كه چی جواب نه‌بوو، دیسان به تووڕه‌یی پرسی. ئه‌نوه‌ر سه‌ری هه‌لێنا: بابه ده‌مرم! بلێی كه‌ی بمرم؟ 
بابی هێرشی بۆ هێنا: كوڕێ نه‌شمری ده‌تمرێنم!
خاكه‌نازی كووره‌ی لێ ده‌ست دایه، هه‌تا ئه‌نوه‌ر بزانێ چ باسه سێ چوارێكی وێ كه‌وت، خاكه‌ناز به‌ربۆوه و هه‌تا مام‌كه‌ریم هه‌لیگرێته‌وه ئه‌نوه‌ر به پێخواسی گه‌یشته ماڵی خوشكی.
                                                      ****
- ئه‌دی كاكی خۆم، له ترسی مراندنێ ئێستا و ئێستاش نه‌خۆش نه‌كه‌وتم.