ڕه‌شه

Thursday, July 29, 2004

گه‌ڕی هه‌وه‌ڵ
 به‌زه‌ییم به خۆ هات. قاقای من و بێده‌نگی و سه‌ر سوڕمانی كابرای سه‌رتاش! هه‌ر دووك سه‌یر بوون. تا ئێستا هه‌موو جارێ كابرا زۆری ده‌كوت و ئه‌من ته‌نیا به له‌قاندنی سه‌ر و چاو جوابم ده‌داوه. ئێستا پێی سه‌یر بوو، هه‌ر دانیشتمه سه‌ر كورسی سه‌رتاشین و چاوم به خۆ كه‌وت، پێكه‌نیم!
پرسی: چ بوو، به چی پێده‌كه‌نی؟
 - به گه‌ڕی هه‌وه‌ڵ، هه‌وه‌ڵ بازنه‌ی به‌تاڵی ته‌پڵه‌ سه‌رم.
چاوێكی لێ كردم و سه‌رێكی ڕاوه‌شاند، وه‌ك تێنه‌گه‌یشتبێ یان پێی سه‌یر ببێت.
تا ئێستا هه‌ر چه‌شنێك كه‌چه‌لیم هه‌بوو، ئه‌وه دووهه‌میشم لێ په‌یدا بوو. ئه‌و دوو ئاوێنه به‌رامبه‌ر به یه‌كه‌ی دوكانی كابرای سه‌رتاش، پاش سه‌ر و ته‌پله سه‌ره ڕووتاوه‌كه‌میان هێنایه به‌ر چرایه.
تا ئێستا هه‌ر كه‌چه‌ڵی ته‌پ‌ته‌پی بووم! ناو چاوانم ورده ورده هه‌لده‌كشا سه‌رتر. له دوو لاوه كاكۆڵم ته‌نكتر و به‌ر ته‌سكتر ده‌بوو. سرووشتیش بۆ قه‌ره‌بوو كردنی ئه‌و موو وه‌رینه، ڕدێنمی پڕتر و چڕتر كرد و كۆڵمه‌م ڕه‌شتر و دواتر سپیتر چوو.
به هه‌ڵكشانی جه‌غزی سه‌رم، جه‌غزی ردێنیشم هه‌ڵده‌كشا
 ئێستا گه‌ڕه‌كانی كه‌چه‌لیش ده‌ستیان به گه‌وره‌تر بوون و خۆ نواندن كردووه. بوومه كه‌چه‌لی گه‌ڕگه‌ڕیش.
ئاخ بۆ كلاوێكی میل‌چن. چ نه‌بێ ئه‌و گه‌ڕانه‌ی پێ ده‌شاردرێته‌وه. یا پێچ و كلاوێكی ڕێشووداری گوڵ ورد!
ئاخۆ بڵێی له چ شوێنێك ئه‌و تووكانه سه‌ر هه‌ڵده‌نه‌وه؟ بڵێی پاشمل و قورقورۆچكه‌م تووكیان لێ شین ببته‌وه؟ یان له پشت و زگم هه‌ڵده‌نه‌وه؟
چ چارم نه‌ماوه. ده‌بێ له ماڵی خۆم دوو ئاوێنه‌ی له به‌رامبه‌ر یه‌ك دانێم. هه‌موو ڕۆژێش جارێكی چاو له ته‌پڵه‌سه‌رم كه‌م، ئاخۆ كه‌ی ئه‌و گه‌ڕانه‌ ده‌بنه جیرانی ته‌‌پی ناوچاوانم. ئه‌مجار شانازی  ته‌واو كه‌چه‌ڵ بوونم پێ ده‌بڕدرێ!
ده‌بمه كه‌چه‌ڵی"خوا شوكری"، سیمام ماقووڵ ده‌بێ و بۆ وه‌زیر و وه‌كیڵ ده‌بم. ده‌بێ هه‌تا ئه‌و كاته هه‌ندێكیش خۆ قه‌ڵه‌و كه‌م، هیچ شتێ ناشیرنتر له كه‌چه‌ڵی كز و ڕیوه‌ڵه و قه‌ڵه‌وی كاكۆڵ‌دار نییه!!!