ڕه‌شه

Tuesday, June 29, 2004

دوو قامكانی به‌ره‌و چاو وچڕی كه‌ماڵ ڕاداشت و به خوو لێ كردن ڕایچله‌كاند. كه‌ماڵ سه‌ری به‌رز كرده‌وه : ماڵت نه‌شێوێ مه‌لا برایم، زه‌نده‌قم چوو!
مه‌لا برایم لێی پرسی: چییه؟ كامه خانوو پردت رۆخاوه؟ خووریت ئاو بردوویه، بزن و مه‌ڕت گورگه‌خۆر بوون، چ قه‌وماوه؟
ڕه‌‌حمان هه‌ڵیدا: ده‌رده ژنه، مه‌لا! نه چاوی ده‌بینێ و نه گوێی ده‌بیسێ... جار جاره‌ نه‌ققه‌یه‌كی له به‌ره‌و دێ.. پێم وا نییه گیای به‌هارێ بخوا. كه‌وشت دا نه‌كه‌نی مه‌لا، به پێخواسی نایگه‌یه‌ی!
برایمیش به هه‌ر جار به مه‌لا بانگ كردنێ ده‌گه‌شاوه و گه‌ز گه‌ز باڵای ده‌كرد. خڕڕه‌یه‌كی له ته‌سبێحان هێنا و گووتی: چ نییه، كار له پیاوان ده‌قه‌ومێ...
ڕه‌حمان به پێخواسی هه‌لینگی دایه ناو قسان: نا، مه‌لا برایم، ئه‌و جاره كاره‌كه له كچه‌ش قه‌وماوه، قه‌وڵ وایه بۆ به‌هارێ جه‌میله‌ی له ئامۆزاكه‌ی ماره كه‌ن. ئه‌و هه‌تیوه‌ش له جێی هه‌ڵگرتن و داوا كردن ئه‌وه سه‌ری خۆی ده قوڕێ ناوه و نووكه نووكێتی..
كه‌ماڵ تووڕه بوو: برۆ هه‌تیو، كوا باوی هه‌ڵگرتن ماوه. مه‌گین به كۆڵان هه‌ڵیگرم، ده‌وری ئه‌سپ و سواریش نه‌ماوه..
مه‌لا برایم پرسی: ئه‌ی بۆ داوای ناكه‌ی؟ مه‌لا ئه‌وه من هه‌م ، دوو شاهیدی حیزمان كه‌مه.. ئه‌نكه‌حتۆكه و زه‌وه‌جتوكه..بیبڕه‌وه و خه‌لاس بوو.
كه‌ماڵ جوابی داوه: بابم ڕازی نییه، مامی جه‌میله‌ش كوێخای تایفه‌یانه و به بووكی خۆم، بووكی خۆم ئه‌وه قسه‌ی ده‌باته سه‌رێ.
برایم پرسی: جا بۆ مامی؟ خۆ سۆفی كه‌ریمی بابی به ته‌مه‌نتره و ردێن سپییه.
-  بابی له مزگه‌وتێ توڵاوه‌ته‌وه، هه‌ر خه‌ریكی ته‌لیله و ورده نوێژانه، مامه حاجیش بۆته دم‌ڕاستی جه‌ماعه‌تێ..
مه‌لا برایم له سه‌ره خۆ و ده‌نكه ده‌نكه ووشه‌كانی دایه ده‌رێ: چ نییه! بابت ڕازی ده‌كه‌م و سۆفیشت بۆ كه‌ر ده‌كه‌م، به مه‌رجی كه‌وا و پانتۆڵێك.
كردمان؟
- جا بۆ نا، وه‌ڵڵا ده‌ستیشت ماچ ده‌كه‌م. كه‌وشێكیشی ده‌خه‌مه‌سه‌ر.


كه‌ماڵ سه‌ری داخستبوو و ڕیشاڵه‌كانی فه‌رشه‌كه‌ی ده‌بژارد. مامه‌ حاجی جه‌هه‌نده‌می له نێو چاوان ده‌باری. بابی كه‌ماڵیش پاڵی وه‌ پاڵی سۆفی كه‌ریم دابوو به جووته خه‌ریكی پاكانه‌ی گوناحان بوون، هه‌ر خوڵه‌ی ده‌سبێح و گوناحێك پاك ده‌بۆوه‌ ... كه چی گوناحی ئیمانداران هه‌ر بنه‌ی نه‌ده‌هات.
مه‌لا برایم ڕووی كرده سۆفی كه‌ریم و به نه‌رمی وه‌عزی دادا: سۆفی كه‌ریم گیان! خۆ تۆ له من شاره‌زاتری. حه‌دیسه و بینایی چاوان فه‌رموویه‌تی: "ان الله جمیل ه و یحب الكمال". بزانه كه‌راماتی پێغه‌مبه‌ری چه‌ند بووه، ئه‌و سه‌رده‌می زانیوێتی جه‌میله و كه‌ماڵ یه‌كتریان خۆش ده‌وێ. بیكه و به خاتری پێغه‌مبه‌ری، دوو دڵان لێك مه‌كه..
حاجی نه‌ڕاندی: فه‌قێ برایم ئه‌وه چ ده‌كه‌ی، كوا ئه‌و عه‌دیسه وایه، جه‌میل ڕاسته نه‌ك جه‌میله، جه‌ماڵیشه نه‌ك كه‌ماڵ....كوا ئه‌وه دینه؟..
مه‌لا برایم چ وه خۆی نه‌گرت: ماڵت نه‌شێوێ حاجی! ئه‌تۆ عومرێكه محه‌ممه‌د و عه‌لی له من ده‌كه‌یه معه‌ممه‌د  و حه‌لی، ده‌با ئه‌منیش جێگۆركێكی جه‌ماڵ و كه‌ماڵان بكه‌م، خۆ كابه كه‌چ نابێ...
هه‌موو له ژێره‌وه وه حیلكه حیلكیان ده‌هات. سۆفی كه‌ریم به بزه‌وه سه‌ری هه‌ڵێنا و زاری هه‌ڵپچری: به مه‌باره‌كی قسه‌ی پێغه‌مبه‌ری، قسه‌ت ناشكێنم مه‌لا برایم. كچه‌كه‌م و ماڵێ ڕازی بن، خزمایه‌تیمان سه‌ر ده‌گرێ...

مه‌لا برایم بریقه‌ بریقی ده‌هات، كه‌وش و كه‌وا وه‌های تازه كردبۆوه كه‌س ده‌م وچاوی گرۆی نه‌ده‌دیت. كه‌ماڵیش له خۆشیان هه‌ر جیفڕكی ده‌دا. كۆمه‌ڵێك تازه لاویان له ده‌ور بوو گۆیان له قسه‌كانی برایم گرتبوو و چاوه‌ڕێی چاوه‌شان و گه‌ڕی هه‌ڵپه‌ركێ بوون. نه‌سیحه‌تی ده‌كردن: كوڕینه، بێ شه‌رعێ مه‌كه‌ن، حه‌ز لێكردوویی چی به دواوه نییه، له دڵ‌شكان و حه‌یا چوون به ده‌ر چی به به‌ره‌وه نییه.  ئه‌گه‌ر كردووشتانه ئه‌وه بۆ خۆتان به سه‌رتان هاتووه و ده‌زانن ڕێی خوار چۆنه. تۆبه‌یه‌ك و ڕاسته‌ڕێ....
ڕه‌حمانیش هه‌ڵیدایه: ئه‌گه‌ر لێشتان قه‌وما و به هیچ چارتان نه‌هات، مه‌لا برایمی بنێرنه خوازبێنێ، ڕاستی ده‌كاته‌وه....