ڕه‌شه

Tuesday, May 18, 2004

یه‌ك و دوو

ڕه‌حیم به گرمه‌ گرم هاته‌ سه‌رێ. زرمه‌ی پۆتینه‌كانی له پێ‌پلیكانان دا ده‌نگی ده‌داوه. وه‌ژوور كه‌وت و سلاوی كرد، به جنێوان جوابیان داوه:...گوێلپار...ئه‌و گرمه‌گرمه‌ت له چییه...یه‌یلاخ...ساحه‌ب ماڵمان بۆ لێ وه‌خۆ ده‌خه‌ی!..
سه‌یر بوو، چ جوابی نه‌دانه‌وه. هه‌موو ڕۆژێ ده‌هات و شه‌ڕه جنێو بۆ ماوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ده‌بوو. به ته‌نێ جوابی چلانی ده‌داوه. جه‌ما‌عه‌ت خه‌ریكی قوماری خۆیان بوون. چاوێكی لێ كردم و له بن لێوان ورته‌یه‌كی هات. چم گوێ لێ نه‌بوو، به‌ڵام چاوه‌كانی بزه بزیان ده‌هات. به ته‌ما بووم ته‌خته‌كه‌ی بێنمه‌ گۆڕێ، به‌ ده‌ست تێی‌گه‌یاندم كاری پێمه. چووینه پێشخانه‌ی.
- لێم وه‌رگرت.!
- به ڕاستته، كه‌ی؟
- ئه‌ورۆ، له به‌ر ده‌رگای خۆیان ڕامگرت و لێم هه‌ستاند.
- ده‌ پیرۆزه، به ته‌مای كه‌نگێ قسه‌ی ده‌گه‌ڵ بكه‌ی.
- بۆیه هاتوومه ئێره، هه‌تیو. ده‌ریان كه با بتوانم .
- هه‌ر وا به هاسانی، ده‌ریان كه‌م بۆ تۆ چۆڵ بێ،  ببمه بنێشته خۆشكه‌ی جه‌ماعه‌تێ! بۆ خۆت كه‌ری هه‌تیو. ده‌بێ ڕاوه‌ستی تا نه‌ختێ دره‌نگ ده‌بێ و وێكرا وه‌ده‌ر ده‌كه‌وین. كلیده‌كه‌ت ده‌ده‌مێ، خۆت بده‌زه‌وه و وه‌ره‌وه ماڵێ.
- نا، وام لێ مه‌كه، به جێم مه‌هێڵه. ئه‌من چ لێی نازانم. ده‌بێ له په‌نام بی و یاریده‌م بكه‌ی. ده‌نا وه‌ك كه‌رێ ده‌ قوڕێ ده‌چه‌قێم...
ده‌نگی پێیه‌ك قسه‌كانی پێ بڕی. خۆشناو هات و سێ به سێ چووینه‌وه ژوورێ. چیدی باسمان نه‌كرد هه‌تا وێرای جه‌ماعه‌ت چووینه‌ ده‌رێ. له سووچێكی كلیده‌كه‌م دایه و خۆی دزیه‌وه.
.
.
ژووره‌كه تاریك بوو، چره‌ دووكه‌ڵی سیغاریش چاوی ده‌برژانده‌وه. چراكه‌م هه‌ڵ كرد و دیتم له سووچێكی دیوه‌كه دانیشتووه، ته‌بڵه‌ی به‌رده‌ستی پڕی قونچكه سیغار بوو. خه‌مێكی گران له سیمایدا دیار بوو. پێش سڵاو داوای سیغاری لێ كردم!
- چییه! چ بوو. نه‌كا بابی ته‌له‌یفوونی هه‌لگرتبێ.
- نا بۆخۆی بوو.
- ده‌ی...
- ده‌یده‌ی.. هه‌ندێك قسه‌مان كرد و دواتر كێشه‌مان لێ په‌یدا بوو!!
- جا هه‌وه‌ڵ ته‌له‌یفوون و كێشه؟ له سه‌ر چی؟
- له سه‌ر منداڵـ....
من و خۆشناو هه‌ر دووكمان له قاقای پێكه‌نینمان دا. ئه‌وه هه‌وه‌ڵ جار بوو ڕه‌حیم به ته‌له‌یفوون بیهه‌وێ ده‌گه‌ڵ كچێك قسان بكا و پێم وایه هه‌ر هه‌وه‌ڵ جار بوو ده‌گه‌ڵ كچێكی وه‌ك خۆشه‌ویست بدوێ، كه چی به په‌له له سه‌ر منداڵ كێشه‌یان لێ ساز ببوو.
بۆ خۆشی وه پێكه‌نین كه‌وت. بۆی گێڕاینه‌وه. ڕه‌حیم باسی دوو منداڵی كچ و كوڕی كردبوو و دڵداره‌كه‌ی كووتبووی تاكه منداڵێك! .. نه‌سازابوون..
هه‌موو ئه‌و شێعرانه‌ و ئه‌و قسه‌ جوانانه‌ی ده‌یهه‌ویست باسیان بكا، له‌ یادی چووبۆوه.. سه‌ر و بنی قسه‌كانیان باسی چه‌ند منداڵ بوون بوو! هه‌تا باوكی كچه‌ هاتبۆوه و كچه‌كه ته‌‌له‌یفوونی دانابۆوه!
.
.
شایی ڕه‌حیم بوو. ئێمه‌ش سه‌رخۆش. یه‌ك هه‌ڵیده‌دا: یه‌ك، ئه‌ویتر بۆی ده‌قۆزته‌وه: نا دوو، سێهه‌می جوابی ده‌داوه: یه‌ك به‌سسه! دوو زۆره!...
بووك و زاواش به حه‌یاوه سه‌ریان به‌ردابۆوه خۆیان لێ گێڵ ده‌كردین. پته‌شت لێدابان ده‌قه‌ڵشان.
.
.
خۆشناو بۆی نووسیوم: "... دوێنێ دوای ‌ ساڵێك ڕه‌حیمم دیته‌وه. هاتبوو بۆ نه‌خۆشخانه كوڕه‌كه‌ی خه‌ته‌نه بكا. ئه‌وه سێهه‌م كوڕ و پێنجه‌م مندالێتێ. باسی چۆنێتی به‌رگری له منداڵ بوونی ده‌پرسی. بۆخۆی به نایلۆن ڕازی نییه و خێزانی به حه‌ب خواردنێ تێك ده‌چێ. هیچ كامیشیان لووله‌یان نابه‌ستن. ده‌یكووت له ڕه‌شید بپرسه، بزانه له هه‌نده‌ران حه‌بی وا هه‌یه بۆ پیاوان، به‌رگری له منداڵ بوون بكات و چ زه‌ره‌ری نه‌بێ.
 پێم وا نییه شتی وا هه‌بێ، به‌ڵام ڕاسپارده چیان له سه‌ر نییه، ئه‌گه‌ر شتی وات پێ شك دێ بۆی بنێره، خێرت ده‌گاتێ...."