ڕه‌شه

Monday, April 05, 2004

سه‌رخۆشی

هێشتا ته‌واو هه‌ور به‌ری تاوی دانه‌گرتبوو كه ڕێژنه دایدا. پڕم دا كتێبه‌كانم و چوومه ناو ‌قاوه‌خانه‌ی. هێنده‌ی پێ نه‌چوو قاوه‌خانه پڕ بوو. جه‌لال به ته‌نیا پێ ڕ‌انه‌ده‌گه‌یی، چوومه یاریده‌ی. ئیستیكانه‌كانم بۆ ده‌شووشت و به‌تاڵه‌كانم كۆده‌كرده‌وه. مشته‌ری جه‌رگیش زۆر ببوون. سمایله كه‌تیش وه‌خۆ كه‌وت و برژاندن و هات و چۆی سه‌ر ئاوری وه‌ خۆ گرت. جار جاره‌ش له تووره‌كه‌ی به‌ر لاقی من شتێكی ده‌ر دێنا و له گیرفانی پانتۆله‌كه‌ی ڕا ده‌كرد و وه‌ده‌ر ده‌كه‌وت. دوای ماوه‌یه‌كی باران وه‌ستا و خۆش بۆوه. كابرایه‌كی ڕدێن بۆزی لادێی هه‌ستا بروا، كه چی سمایل نه‌یهێشت پاره بدا و دوای ده‌ست ماچ كردن به‌رێی كرد. قاوه‌خانه‌ش چۆڵ بوو و ماینه‌وه سێ به سێ. 
جه‌لال داوای قابێك ئاره‌قی له سمایلی كرد. ئه‌ویش هات و دوای پشكنینی تووره‌كه‌ ڕه‌ش گووتی: چم نه‌ماوه له هی خۆم به‌ده‌ر، ئه‌ویش لێم خواردۆته‌وه. ئه‌و بارانه به‌ره‌كه‌تی زۆر بوو. ده‌زانم كه‌م ماوه، به‌ڵام قه‌ناعه‌تێ بكه‌ن به‌شمان ده‌كا.
تازه بۆ كتێب بڵا‌و كردنه‌وه له سه‌ر عه‌رزی ته‌ر نه‌ده‌بوو. دانیشتم و ده‌گه‌ڵیان قرته‌مان له ئاره‌قی سمایله كه‌ت و جه‌رگی جه‌لالی بڕی.

تا ئه‌و كاته هێنده ئاوده‌نگی سمایلی نه‌ببووم. له دوكانی جه‌لالی یه‌كدیمان ده‌دیت و سلاوێك و ڕۆژباشێك. هێنده‌م به دڵ نه‌بوو. ده‌مزانی كۆنه‌ پێشمه‌رگه بووه و ئه‌و شانه كه‌ته یادگاری ئه‌و سه‌رده‌میه. به‌ڵام ئارام له گه‌ڵ ئاره‌ق فرۆشتن و جنێو دان و هه‌میشه سه‌رخۆش بوونه‌كه‌ی نه‌بوو، گه‌ر چی جار جار خۆشم لێم ده‌كری.

سه‌ر خۆش بۆین و كای كۆن به با كردن ده‌ستی پێ كرد. ته‌ڕایی بارانێ شانی سمایلی ڕه‌ژان خستبوو. جه‌لال لێی پرسی: سمه، هه‌تیو، تۆ و ده‌ست ماچ كردن؟ ئه‌و كابرایه ده‌بێ چ شێخێك و شه‌خسێك بێ؟
كووتی: ده‌روێش ڕه‌‌حمانه، كۆنه ئاشنامه، زۆری منه‌تبارم.
جه‌لال كووتی: هه‌تیو، له مندالیه‌وه ده‌تناسم. ئه‌تۆ چی و كابرای لادێی چی؟
كووتی: نه‌قڵی زۆره، ده‌بێ ڕۆژێكی بۆت باس بكه‌م.
جه‌لال گووتی: جا ڕۆژ له‌ورۆ باشتر. نه تۆ چت ماوه بیفرۆشی، نه‌ ڕه‌شید تازه چی پێده‌كرێ، منیش جه‌رگم نه‌ماوه. كه‌سیش تازه بۆ چای نایه. ده‌ست پێ بكه.
كووتی: پێشمه‌رگه بووم.  چوار میر منداڵی تازه پێگه‌یشتوو بووین له هیچ نه‌ده‌ترساین، ئه‌من و جه‌ماڵ و دڵشاد و مسته‌فا. ئه‌و شوێنی كه‌س نه‌یوێرابایه بچێ و كه‌س بۆی نه‌كرابایه، ئێمه ده‌چووین و ده‌مانكرد. سه‌رخۆشی هێز و گوڕی لاوێتی بووین، بڕواكه‌شمان هێنده‌ی دیكه سه‌رخۆشی ده‌كردین. سه‌رده‌می شه‌ڕی كۆمه‌ڵه و دێمۆكراتیش بوو. بۆیه‌ش هات و چۆ ئاسته‌م بوو و كه‌م كه‌س ده‌یوێرا به ناوچه‌ی حیزبێ دا تێبپه‌ڕێ.ڕۆژێكی بانگیان كردین. كووتیان دوو هاوڕێمان له شاره‌وه دێن بۆ بنكه. له فڵانه دێی ماونه‌وه. بچن بیان هێنن و به ئه‌سپایی به نێو جه‌ماعه‌تی دێمۆكرات دا تێپه‌ڕن. تا بۆتان ده‌كرێ به شه‌و هات و چۆیه بكه‌ن و خۆ له شه‌ڕ بپارێزن.
ئێمه‌ش ملی ڕێگه‌مان گرت. هاتینه‌ دێیه‌كه و ئه‌و دوو كه‌سه‌مان دیته‌وه. دوو میرمنداڵی وه‌ك ئێمه و هه‌ندێ به ته‌مه‌نتر بوون. یه‌كیان كورد بوو و یه‌ك عه‌جه‌م. بارگه و بنه‌یه‌كی زۆریشیان پێ بوو. باره‌كه‌ قورس بوو و بۆمان نه‌ده‌هات. داوامان لێ كردن سووكی كه‌ن یا جێی بهێلن. كه باره‌كه‌یان كرده‌وه، شریت و جل و به‌رگ و قات و زۆر شتی بێ كه‌لك بۆ چیا وه‌ده‌ر كه‌وت. ئه‌وشتانه‌مان به جێ هێشت و به سووك باری وه‌ڕێ كه‌وتین. ده‌مه‌و تاریكان له دێی وه‌ده‌ر كه‌وتین. سه‌عاتێ دواتر كوڕه‌كان جگه‌ره‌یان بڵاو كرده‌وه و پێمان كردن. هێشتا دوو قوممان لێ نه‌دابوون، ده‌سرێژیان لێ كردین. به بریندار بوونی خۆم زانی. كه وه‌خۆ هاتین و ته‌قه‌مان كرده‌وه و ورده ورده داخوشاین، زانیم جه‌ماڵ وه‌به‌ر هاتووه و كوژراوه. منیش بریندار بووم و كوڕه‌كانیتر هیچیان وه‌به‌ر نه‌هاتبوون. خوێنێكی زۆرم له به‌ر ده‌رۆیی. نه‌مده‌توانی چیدی ڕێگه ببڕم. لامان دا دێیه‌كی و خۆمان به ماڵێكی قه‌راغ دێ دا كرد.
ماڵه ئه‌و  ده‌روێش ڕه‌حمانه‌ی بوو. ماڵه‌كه‌شیان جه‌ماعه‌تێكی زۆری تێدا بوو. سه‌ره‌خۆشی كوڕ‌ه‌كه‌ی بوو، دوو- سێ ڕۆژ پێشتر وه‌ سه‌ر مین په‌ریبوو.
ماڵه‌كه ڕێگه‌یان داین و ئاویان گه‌رم كرد و جلیان له به‌ر من دادڕی و خه‌ریكی برینه‌كه‌م بوون. هه‌را هه‌رایه‌ك ساز بوو. كوڕه‌كانی ئێمه ده‌ستیان چوو سه‌ر په‌لاپیتكه‌ی. ده‌روێش چوو به‌ر ده‌رگای و هه‌موویانی بێده‌نگ كرد. ده دوانزه پێشمه‌رگه‌ی دێمۆكرات لێمان وه‌ژوور كه‌وتن. ده‌روێش به میوانن، میوانن ئێمه‌ی وه پشته خۆ دا. كابرای سه‌رپه‌لیان نه‌رم بۆوه و كووتی: خاله ڕه‌حمان، بۆ شه‌ڕێ نه‌هاتووین، هاتووینه سه‌ره‌خۆشی. ده‌روێش ڕه‌حمانیش پشوویه‌كی هاته‌وه خۆ. كووتی: دوكتور گیان، یاریده‌م كه، ئه‌وه‌یان برینداره. دوكتور كه دواتر زانیم هه‌ر برینپێچه و دوكتوری پێده‌ڵێن، هات و برینه‌كه‌می خاوێن كرد و به‌ستی. كووتی: نابێ بۆ سێ چوار حه‌فتان هه‌ستی. شانت به گوولله‌كه‌ شكاوه. ده‌نا ئێسكه‌كه خۆ ناگرێته‌وه.

شه‌وێ هه‌ر دوو لا له ماڵی ده‌روێش بووین. به‌یانیش به پاڕانه‌وه‌ی ده‌روێشی كووره‌كانی ئێمه زووتر ڕۆیشتن و ده‌رباز بوون. دواتر چه‌كداره‌كانی تریش رۆیشتن و من له ماڵی ده‌روێش مامه‌وه. مانگ و نیوێك له ماڵیان مامه‌وه، هه‌تا خزمه‌كانی خۆم هاتن و بردیانمه‌وه شاری. دوكتوریش تا ڕێگه‌ی له‌و دێیه‌ ده‌كه‌وت ده‌هاته سه‌ردانم. دواتر زانیم هه‌ر ئه‌و بوو كه ده‌سرێژی لێ كردبووین. ئه‌و‌ه‌ش نه‌قڵی من و ده‌روێش ڕه‌حمانی.
جه‌لال لێی پرسی: ئه‌و كوڕه‌كانی تر چیان به‌سه‌ر هات؟
كووتی: ئه‌وه‌ندی من ئاگام لێ بێت، ئه‌و دوو كوڕه میوانه‌كه‌‌یان دوای ماوه‌یه‌ك به‌ڕێ كرد بۆ ده‌ره‌وه. دڵشاد دواتر وه‌به‌‌‌ر ده‌سرێژی پاسداران هات و لاقێكی تێداچوو، ئێستا له سه‌ر دوكانی بابی ده‌بێ. مسته‌فاش دوای دوو سێ جار بریندار بوون به ته‌مای چوونه ده‌ر چوو بۆ توركیه‌ی، ئێستاش سێ ساڵه له‌وێیه. منیش ئه‌وه ئیستیكان به ئیستیكان له سه‌رخۆشی ئه‌و سه‌رده‌می ده‌گه‌ڕێم. سه‌رخۆشی ده‌كرم و ده‌فرۆشم!