ئینته‌رنێت، دڵداری، خه‌بات
درۆ
درۆ به‌شێكه له ژیانی مرۆڤ. كه‌سم نه‌دیوه قه‌تی درۆ نه‌كردبێ. هه‌ندێ كه‌س زۆر درۆیان ده‌كه‌ن و هه‌ندێ كه‌س كه‌متر. ئه‌وی ده‌ستی به كیبۆرد فێر بووبێ، هاوده‌نگی جیرانی دونیای خه‌یالی ئینته‌رنێتی بووبێ، بێ یه‌ك و دوو له درۆیان شاره‌زایه!
له ناوی ساخته ڕا بگره هه‌تا ته‌مه‌ن و ویست و ژیان، به پێی هاوده‌نگ ده‌گۆڕێن. هاوده‌نگم حه‌زی له چی بێت و من به ته‌مای چ بم ئه‌و درۆیانه دێنه گۆڕێ. بمهه‌وێ له كۆڵ خۆمی بكه‌مه‌وه ئه‌وی به دڵی ئه‌و نه‌بێ به خۆمی دهلكێنمهوه. كه بمهه‌وێ پتر هاوده‌نگی بكه‌م زۆرتر به دڵی ئه‌و خۆم دهنوێنم. ته‌نیایی و ئاره‌زووی هاورێی به‌دڵ، ده‌بنه هۆی سه‌ره‌كی درۆ كردن. بۆ هه‌ندێ كه‌س ئه‌و بیانوویه‌ش پێویست نییه. ئیشتیایان له درۆیه و دهێكهن، جا به فیشاڵ بێ، خۆ زڵ كردن بێت یا به سواڵی به‌زه‌یی.
درۆ خۆی چه‌ند چه‌شنی هه‌یه. درۆیه‌كه چ ئازاری كه‌س نادا، هیچ هه‌ستێكیش بریندار ناكا و نابێته هۆی گرفت بۆ كه‌س. وه‌ك ناوی دڵخواز كه هه‌ركه‌سه و بۆخۆی دیاری ده‌كا.
تۆ ناوت هه‌وار بێت یا سهكین، جه‌عفه‌ر بێت یا هیوا بۆ من چ فه‌رق ناكا. با ئه‌و ناوه‌ی پێت خۆشه له خۆتی بنێی! گه‌رچی درۆش ده‌كه‌ی به‌ڵام قهیناكا! ئه‌و كاته‌ی ناویان بۆ ههڵدهبژاردی خۆت چ ده‌نگت نه‌بووه، ئێستا ده‌یگۆڕی كه‌یفی خۆته. نا، پێت خۆشه به چل ناوان خۆت بناسێنی، هه‌میسان.
هه‌ندێ درۆش هه‌یه بۆ هاوده‌نگت ده‌بێته مایه‌ی ئازار و گرفت. كه منی سمێڵ فش خۆم به كچێكی چاوه‌ڕێی شۆره‌سواری بالابه‌رز به تۆی ئاویلكه له زاری، قه‌ت دڵداری نه‌كردووی دۆ نه‌دیو بناسێنم، تهمایهكم خستۆته به‌ر تۆ كه به من دابین نابێ. ئاوات و بڕوا و متمانه‌ی تۆش ده‌ڕووخێنم! چییه به ته‌مای ڕابواردن به جحێلێكی بێ ده‌راو خۆم لێ گۆڕیوه!
هه‌میسان كه تۆی زگ زڵی كه‌چه‌ڵی چاو كونهدهرزی خۆت به لاوێكی شووش و باریكی چاو باز ده‌ناسێنێ، هاوده‌نگت گیرۆده‌ی یه‌كێك كردووه كه تۆ نی! كه خۆتی لێ ئاشكرا ده‌كه‌ی ماڵی ئاواتی دهڕمێنی.
جا یه‌كێ له وانه‌ی به ئینته‌ر نێت یان ته‌نانه‌ت بگره به ته‌له‌یفوون دڵداری كردووه، بێت و بڵێ شتی وای نه‌دیوه و نه‌بیستووه!
هه‌موو ئه‌زموونی درۆی وامان هه‌یه گه‌ر چی زۆر جار باسیان ناكه‌ین.
نه ته‌نیا بۆ دڵداری، بۆ خه‌بات، ئامۆژگاری، ڕووناكبیری و ته‌نانه‌ت مرۆڤایه‌تیش ئه‌وه‌نده‌ی له ناو ئینته‌رنێت درۆ ده‌كرێ، ئه‌گه‌ر له مزگه‌وتا بكرابایه میچی ده‌ڕووخا!
ئه‌و دوونیا ساخته‌یه توانای ئه‌وه ده‌دا به هه‌ر كه‌سێ كه ئاواته‌كانی به درۆ بێنێته‌دی. ئه‌و چه‌شنه‌ی پێی خۆشه خۆی بنوێنێ نه‌ك ئه‌و جووره‌ی هه‌یه. دوونیایه‌كی خه‌یاڵی بۆ خۆی ساز بكا كه قاره‌مان وقهیتهرانی بۆ خۆیه‌تی و به زه‌ربی درۆ دڵداری و خه‌بات و ڕووناكبیری گه‌ڵ و وڵات و جیهان به ڕێوه بات.
ته‌نیا شێوهیهكم پێ شك دێت بۆ لێك كردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی زۆر درۆ ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ی كه‌م درۆ ده‌كه‌ن. ئه‌وی زۆرتر درۆیان ده‌كا زۆرتریش باسی بێزاری له درۆ ده‌كا و په‌سندی ڕاستی و درووست بوون ده‌كا. ئه‌وه‌ش یادگاری هێژا " جۆرج بێرنارد شا"یه:
لێیان پرسی بۆچ بۆ پاره ده‌نووسی؟ پرسیه‌وه بۆ ئێوه بۆ چی ده‌نووسن.
گوتیان بۆ ڕۆناكبیری، شه‌ره‌ف، بڕوا...
گوتی: ئێ باشه، هه‌ر كه‌سه و بۆ شتێ ده‌نووسێ كه‌می هه‌یه و پێویستێتی!!
