ڕه‌شه

Monday, July 14, 2003

ڕوون كردنه‌وه:

1- ئه‌و شه‌ڕه‌ی له به‌شی كۆمێنتی ئه‌‌و ماڵه دا ڕووی ده‌دا په‌یوه‌ندی به منه‌وه نییه. ئه‌من قسه‌ی خۆم كردووه، جا جه‌ماعه‌ت چۆن ڕای خۆیان ده‌رده‌بڕن كه‌یفی خۆیانه.

2- ده‌بێ دووپاتی كه‌مه‌وه كه ڕێزی تایبه‌تیم بۆ تێكووشانی به‌رده‌قانی له مه‌ر ئای تی به كوردی و هه‌ر وه‌ها بۆ تێكۆشانی مه‌هابادخان بۆ نووسین و وه‌رگێرانی به كوردی، هه‌یه. به ته‌مای ته‌وس و توانج و لاتاویش نانووسم. بۆچوونی خۆمه ده‌ینووسم و هی ئه‌وانی تریش ده‌خوێنمه‌وه.

3- نه كه‌س "بلاك" ده‌كه‌م- ئه‌رێ به كوردی ده‌بێته چی؟؟- نه نووسراوه‌ی كه‌س ده‌سڕمه‌وه، هێنده‌ ده‌ربه‌ستی جنێوانیش نیم. چ ده‌نووسن بنووسن، تكایه ئه‌گه‌ر ژماره ته‌له‌یفوونی خزم و دۆسته‌ دووره‌كانیشم ده‌زانن بۆم بنووسن، خێرتان ده‌گاتێ. خوێنه‌ر خۆی جوابی نووسه‌ری كۆمێنتی بێتام و بێمانا ده‌داته‌وه. من خۆم هه‌ر نووسراوه‌یه‌كی بێ‌ڕێز یا سووكایه‌تیم دیتبێ نووسه‌ره‌كه‌یم ته‌قاندۆته‌وه، نه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی بۆی نووسراوه.

4- كاك و دێدی ئازا له شه‌ڕه كۆمێنتێ: بۆ ناوێری وێبلاگێك بۆ خۆت بكه‌یه‌وه و پڕ به دڵی خۆت پللاران باوێی. وه‌نه‌بێ به كۆمێنت نووسینت تێك بچم، وا نییه. به‌ڵام هێند دوور و درێژی ده‌نووسی پیاو ماندوو ده‌بێ و تاقه‌تی نامێنێ به دووی دا بچێ. ئه‌ویش له ئێدیتۆره باریكه‌ڵه‌كه‌ی كۆمێنت دا. ژوورێكی بۆ خۆت بكه‌وه و ئه‌و قسانه ده‌گه‌ڵ هه‌ندێ ڕه‌سمی به جووڵ‌ جووڵ و ئاهه‌نگێكی دڵته‌زێن و ده‌ست و نه‌خشی خۆت تێ باوێ. بڕوات بێ چی تێناچێ. به‌لاشه، مفته، به خۆڕاییه!!! 

5- داوای لێبوردن له ته‌وار ده‌كه‌م. مه‌به‌ستم نه‌بوو كه‌س به مه‌لا بشوبهێنم، به‌ڵام ئه‌و جۆره مه‌وعیزه‌یه‌م مه‌لایانه هاته به‌ر چاو! مه‌لاش مه‌‌لای قه‌دیم! هی ئه‌‌و ده‌ور و زه‌مانه‌یه چ ئابروویان نه‌ماوه!! دیاره چون نازانم هه‌ر كه‌سه‌و به چ تێك ده‌چێ له وانه‌یه له داهاتووش دا شتی وا ڕوو بدا و خوای نه‌خواسته كه‌سێ به شێخێ، مه‌لاییكه‌یه، جندۆكه‌یه، ژنێ یا پیاوێ بشوبهێنم و به دڵی نه‌بێ. بڕوام پێ بكه‌ن به دانسته- ئانقه‌ست- نییه. قسه‌كه‌م دێته به‌ر زار و ده‌ینووسم. به داخه‌وه خۆ سانسۆریم پێ له سانسۆری ئه‌وانیتر خراپتره. مادام بۆ ئه‌وانیتر سانسۆرم به دڵ نییه، به دڵنیاییه‌وه بۆ خۆشمی ناكه‌م. داده ته‌وار، تۆ به مه‌لای كۆنی كوردی، وه‌ك نالی و مه‌‌حوی و حاجی قادری بخوێنه‌وه. ئه‌گه‌ر به شوبهاندنی به وانیش تووڕه‌ی، به گه‌وره‌یی خۆت بم به‌خشه. تازه كووتوومه و ناگه‌ڕێته‌وه، له داوای لێبوردن به ده‌ر چم پێناكرێ!

6- ده‌بێ بچمه ئیش و دره‌نگه! دوایه درێژه‌ی ئه‌و باسه‌ی ده‌ده‌م.