ڕه‌شه

Monday, June 09, 2003

باران بارانه،
چه‌م چه‌م بارانه
له داخی له‌یلیه
مه‌جنوون دێوانه


باران ده‌بارێ، چ باران. ڕه‌حمه‌تی چی و نیعمه‌تی چی و به‌ره‌كه‌تی چی.
جیرانه‌كه‌م تووڕه‌یه. تازه كورسییه‌كی كڕیوه بۆ به‌ر ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی، دابنیشێ و بیره‌ی بخواته‌وه و سه‌یری خه‌ڵكی بكا. باران مه‌جالی نا‌دا بێته‌ ده‌ر، كورسییه‌كه‌شی خووساوه و ڕه‌نگاوی له به‌ر ده‌روا. بانگم ده‌كا و ده‌ناڵێنێ، له باران، له كورسی سازی خوێری و له بۆڵه بۆڵی خێزانی.
ده‌ڵێ شه‌ش ساڵان حه‌زم لێكرد، به ماچ  ڕۆژمان ده‌كرده‌وه، ئێستا نازانم له ده‌ستی ڕوو بكه‌مه كوێ. ئه‌و كورسییه‌م كڕی له ژوورێ دانه‌نیشم، كه‌ چی باران به‌ستوومێوه. وه‌ره پیاوی چاك به، بیترسێنه با هه‌ندێ بێده‌نگ بێت.

پرسیم: چۆنی بترسێنم؟ چ بكه‌م؟
كووتی:  هیچ مه‌كه. ته‌نیا وه‌ره ژوورێ بیره‌یه‌ك به یه‌كه‌وه ده‌خۆینه‌‌وه. زۆر له بیانیان ده‌ترسێ. له كاتی بیره خواردنه‌وه دا چاوێك له ژوورێش بگێڕه به‌سه. بۆ ماوه‌یه‌كی پیرێژنه‌كه‌م ترسی لێده‌نیشێ كاری به من نابێ. گوێم ده‌حه‌سێته‌وه.
كووتم: ئه‌ی ئه‌گه‌ر زۆر ترسا و دیقێك، سه‌كته‌یه‌كی كرد!
كووتی: ئاسووده ده‌بم.
كووتم: ئه‌ی ئه‌گه‌ر فه‌له‌ج بوو چی؟ عومرێك ده‌بێ خزمه‌تی بكه‌ی.
كووتی: په‌ككو! ئه‌تۆش خراپترین ئه‌نجامی ده‌بینی. لێی گه‌ڕێ باشتره. چارم نه‌ماوه ده‌بێ به‌و بارانه بچمه كلیسایه هه‌ندێ گوێم بحه‌سێته‌وه.

ئه‌و پیاوه به ده‌وری لاوێتی هه‌تا به‌رده‌می مردن چووه له رێگه‌ی ئه‌وینی ئه‌و ژنه دا. لێی ده‌پرسم: چ قه‌وماوه، بۆ ئاوا گۆڕاوی؟
د‌ه‌ڵێ: جاران خه‌ریكی كار بووم و پیرێژن خه‌ریكی مندالداری. كه‌‌متر یه‌كترمان ده‌دیت و كه‌متر یه‌كترمان ده‌ناسی. دوای خانه‌نشینی یه‌كترمان باشتر ناسی، تازه گه‌یشتووینه ئه‌و باوه‌ره ئێمه بۆ یه‌ك نابین. له پێنج ساڵی ڕابردوو دا هیچ بیانوویه‌كم نه‌بووه بۆ ڕۆژێكیش بێ لێی دوور ببمه‌‌وه. ئه‌وساڵ ڕووم كردۆته كلیسایه، ئه‌ویش ته‌نیا هۆیه‌كی هه‌یه.
ده‌پرسم: چ هۆیه‌ك؟
ده‌ڵێ: مه‌زه‌بمان جیایه! ئه‌و ڕوو ناكاته كلیسه‌ی من و منیش ناچمه كلیسه‌ی ئه‌و. به هه‌فتا ساڵی له ترسی ژنه‌كه‌م ئیمانم هێناوه، ده‌نا تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌به‌ر، نه‌‌شمده‌زانی مه‌زه‌بم چییه.

زیڕه‌ی پیرێژنێ قسه‌مان پێده‌بڕێ، مێرده‌كه‌ی به بۆڵه بۆڵ ده‌چێته‌وه ژوورێ و ئه‌منیش ڕێی خۆم  درێژه ده‌‌ده‌م.

مرۆڤ شتێكی سه‌یره.