ڕه‌شه

Wednesday, June 04, 2003

ڕۆژنامه‌وانیی كوردی

كاك مه‌جید ئه‌حمه‌دی له سایتی دیمانه بابه‌تێكی نووسیوه له سه‌ر كه‌م و كووریه‌كانی ڕۆژنامه‌وانیی كوردی له ژێر ناوی "105 ساڵ ته‌مه‌ن، هێشتا ساوا" و له‌و نووسراوه دا به جوانی هه‌ڵه‌كانی ڕۆژنامه‌وانانی كوردی باس كردووه. كارێكی جوان و رێك و پێكه و ده‌توانم بڵێم هه‌موو ڕخنه‌كانی به جێن. له هه‌ڵبژاردنی ناو ڕا تا دانانی وێنه و پێداچوونه‌وه، هه‌موو ئه‌و بوارانه ده‌بێ له به‌ر چاو بگیرێ. به‌ڵام بڵێی بۆخۆی ئه‌وانه له به‌ر چاو بگرێ؟
 بۆیه ده‌ڵێم بۆخۆی چوون ته‌نیا ناوێك له‌و سایته‌دا بۆ په‌یوه‌ندی و وه‌ك "وێبمه‌ستێر" یا لاپه‌ره‌گێڕ هه‌یه ناوی به‌رێزیه‌تی.

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و به‌ر بابه‌تێكم له سه‌ر ئۆسكاری ساڵی 2003 له سایتی دیمانه دا خوێنده‌وه حه‌په‌ساندمی!

شه‌وبۆ ناوێك بێ ناو بردن له سه‌رچاوه‌ی خه‌به‌ر ' ؟'، باسی خه‌لاته‌كانی ئۆسكاری ئه‌مساڵی كردبوو.
 
شه‌وبۆ له زمان مایكڵ مووره‌وه ده‌نووسێ:
 ڕوت ڕه‌شبێ به‌ڕێز بوش بۆ ئه‌وی كه ئاگری ئه‌م شه‌ڕه‌ت هه‌ڵگیرساندو‌وه.

یه‌ک: مایكڵ موور بووشی پێ به‌ڕێز نییه و به به‌رێز ناوی نابا.
دوو: ڕوو ره‌ش ناو بردن دیارده‌یه‌كی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌یه و مایكڵ موور ده‌كاری نه‌كردووه، چ نه‌بێ تا ئێستا. له‌ وانه‌یه كوردی فێر بێ ده‌كاری بكا.
سێ: له‌و كاته دا ئێستا ئاگری شه‌ر هه‌لنه‌گیرسابوو
چوار: ئه‌و قسه‌ فڕی به قسه‌ی ئه‌و كابرایه، مایكڵ مووره‌وه نییه.
پێنچ: هه‌ڵه‌ی نووسینی كوردیش هی نووسه‌ر و دیمانه‌یه نه‌ك هی موور. وه‌ك ڕوت له بڕی ڕووت و ئه‌وی له بڕی ئه‌وه‌ی.
شه‌ش: ئه‌و كابرایه‌ی ئۆسكاری برده‌وه "موور"ه نه‌ک مۆر.
حه‌وت: ئه‌و فیلمه‌ش ناوی ئه‌وه‌یه Bowling for Columbine  نه‌ك ئه‌وه‌Bowling of Columbine
بۆ دیتنی ناو و ده‌قی قسه‌كانی ئه‌و كابرایه تكایه سه‌ری لاپه‌ره‌ی خۆی یا لاپه‌ره‌ی فیلمه‌كه‌ی بده‌ن.

بۆ باقی نووسراوه‌كه‌ش ده‌بێ ئه‌و هه‌ڵانه ڕاست كرێته‌وه به پێی لاپه‌ره‌ی ئۆسكاری 2003:
هه‌شت: كۆنراد هاڵ له بڕی كونرادل هۆڵ
نۆ: ئێلیۆت له بڕی ێلیۆت
ده: 8 مایل له بڕی  8 میللیمێتر
 یازده:...... ماندوو بووم، وازم هێنا!

ئه‌وه له نووسراوه‌یه‌ك. له ڕووپه‌ری دیمانه‌ش دا وێنه‌یه‌كی سه‌رده‌می كۆماری مه‌هابادی تێدایه به ناوی دیمانه كراوه. بۆ منی خوێنه‌ر ڕوون نییه ئه‌و ڕه‌سمه به ده‌ستی وێنه‌گری دیمانه گیراوه!!! یا دیمانه مافی پارێزراوی بۆ ئه‌و وێنه‌یه هه‌یه.!!!

با له خۆمان ڕا ده‌ست پێ بكه‌ین كاك مه‌جید. دیاره نووسه‌ر خۆی به‌رپرسی ناوه‌رۆكه به‌ڵام به‌رپرسی هه‌ڵه‌ی نووسین، وه‌رگێڕان و ڕاگه‌یاندن كێیه؟

هیوادارم دیمانه یه‌‌كێ له‌و گۆڤاره‌ ئینتێرنێتی كوردیانه بێ له‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌متر تێدا به‌دی بكرێ.

 وه‌ك كابرای مه‌لای ناو مه‌نگوورایه‌تێكه‌مان لێنه‌قه‌ومێ: هه‌موو به‌یانییه‌ك به له‌ش پیسی پێشنوێژی ده‌كرد، ژنه‌كه‌ی لێی پرسی: بو وه‌عزی خه‌لكی داده‌ده‌ی بۆ غوسڵ كردن و خۆت نایكه‌ی؟ وه‌ڵامی داوه:جارێ سارده، دوایه به قه‌ڵا ده‌یگێرمه‌وه!!