ڕه‌شه

Friday, May 23, 2003

ئۆخه‌ی، ئه‌وه كه‌ونیشانی به‌رده‌قانی رێگه‌ی دام. ئه‌وه كه‌وه ئاوا به زۆری و سه‌ختی ڕێگه‌ ده‌دا، سه‌گی به‌ستباوه چ ده‌بوو.؟؟

ماوه‌یه‌كه وێبلاگ هیچی تازه‌ی بۆ من تێدا نییه.
 دڵتان خۆش مه‌كه‌ن، نارۆم! به‌ڵام ماوه‌یه‌كه هیچی تازه یا خۆش له‌‌و ناوه دا، نانووسرێ.

یا باسی زۆر قوولی كۆمه‌لایه‌تیه دژ به پیاو مه‌زنی و بۆ ئه‌ستاندنه‌وه‌ی مافی ژن، یا هه‌ڵڕژتنی هه‌سته به لێشاو، یا ڕخنه له ئه‌و كه‌سانه‌ی شتێك ده‌كه‌ن. له‌و سێیانه‌ش دوو دانه‌ی هه‌وه‌ڵ چ فڕیان به منه‌وه نییه و مادام زه‌ره‌ریان بۆ په‌ز نییه، با بیڵێن.
هه‌تا ئێواری با هه‌ر باسی خراپ بوونی پیاو مه‌زنی بكه‌ن، مادام ده‌سه‌ڵاتیان نییه چیان پێ ناگۆڕێ. پیاوی مه‌زنیش له ژێر چه‌وسانه‌وه دا چ پێویستی به مه‌زنایه‌تی نییه هیچ، خه‌رجی مه‌زن بوونیش زۆره، چش، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شمان نه‌كرد با نه‌مێنێ!!
هه‌سته‌كه‌ش هی كۆنه لاوانه، با به دڵی خۆیان ده‌كاری كه‌ن. هه‌ڵیڕێژن، بیكه‌نه ئاخ و ناڵه. دوایه‌ش به زه‌ربی پرۆزاك یا حه‌بی دیكه خۆیان بلاوێننه‌وه و بۆ یه‌كتری بگێڕنه‌وه.
ئه‌وی لاو بێ، گوێ ناداته قسان، خه‌ریكی قه‌وماندنه. ئه‌وه شۆڕش كوری فه‌ریده‌ی، هه‌ر چی بابی پێی ده‌ڵێ وه‌ره با باسی خۆشه‌ویستی و نێوان و دڵداری بكه‌ین و هه‌ندێ له ئه‌زموونه‌كانی خۆمت بۆ باس بكه‌م، پێی پێده‌كه‌نێ.
جوابه‌كه‌شی به ڕای من وێچوویه. ده‌ڵێ: بابم له ته‌مه‌نی خۆی دا جارێك به زه‌بری خزمایه‌تی و جیرانایه‌تی دڵداری كردووه و چوار ده‌فته‌ره شێعری پێ هه‌ڵكووتووه، له شێعره‌كانیش دا ئه‌وی پێی هه‌ڵده‌ڵێ چ وه دایكم ناچێ!!
ئه‌من تا ئێستا سێ دۆستم گۆڕیون، به ته‌مام پتریش ته‌جره‌به بكه‌م هه‌تا ده‌گه‌مه ئه‌وه‌ی به ته‌واوی به دڵمه!! به سه‌بره سه‌بره و عه‌یبه عه‌یبه‌ی بابیشم ئه‌وه ناكرێ. به بابم بێ هه‌وه‌ڵ كچه‌كوردێكی پێكه‌وه پێبكه‌نین ده‌بێ  ببێته هاوسه‌رم. ئه‌وه‌ش ئه‌من به دڵم نییه. با ئه‌و هه‌ر بۆخۆی دانیشێ و به‌و دڵداره ئه‌فسانه‌ییه‌ی به شێعر هه‌ڵبڵێ‌!

ئه‌وه‌ش لاوی ئه‌و ده‌ور و زمانه‌یه‌ی. كه بابیشی نووسراوه‌ی سه‌ر ئینتێرنێت و ئه‌ده‌بی نووسراوی كوردی بۆ ده‌خوێنێته‌وه پێی ده‌ڵێ: با منیش ببمه چل ساله، به دابی ئه‌و جه‌ماعه‌ته دڵداری به دزی و فزی و به قه‌ستی ده‌كه‌م. جارێ ئه‌وه خه‌ریكم به دابی ته‌مه‌نی خۆم به ئاشكرا و به بێ پێهه‌ڵگووتن ده‌یكه‌م.

باسی سێهه‌م ئه‌و باسه‌یه من ده‌مهه‌وێ به وردی باسی بكه‌م. ڕخنه له لایه‌نه سیاسیه‌ كورده‌كانی له جه‌نگه‌ی جوولانه‌وه‌ی خۆیان دان و خه‌ریكی شتێك كردنن. ڕه‌وا و ناڕه‌وا بوونی ئه‌و ڕخنه‌یه. به‌ڵام جارێ ده‌بێ بچمه سه‌ر ئیش ده‌نا لایه‌كی ئه‌و شاره برسی ده‌مێنن.
له چه‌ند ڕۆژی داهاتوو دا به وردی ئه‌و باسه ده‌ست پێده‌كه‌م. جارێ لای ئیوه‌مان خۆش!