ڕه‌شه

Tuesday, May 20, 2003

ئه‌وه دانیشتووه ورد ورد ده‌یڕێسێ. گوێگری مفته‌ی ده‌ست كه‌وتووه و دانه دانه ڕخنه و ئیرادیان لێ ده‌گرێ. هه‌رچه‌نده له زۆربه‌ی بۆچوون و ڕایان دا هاوده‌نگین، به‌ڵام جێ جێش ده‌بێ ده‌نگ هه‌لێنم و به به‌رزایی ده‌نگم ڕه‌وا بوونی خۆم بسه‌ڵمێنم.


فه‌ریده‌ خانه هاتووه به سه‌ردانی ئێمه كه چی زۆرتر سه‌ردانی وێبلاگاوا ده‌كا. ده‌زانم ناتوانێ له شوێنی ئیشه‌كه‌ی فۆنت دابمه‌زرێنێ و به‌شی زۆری وێبلاگه‌كانی بۆ ناخوێندرێته‌وه، چارم نییه ده‌بێ نۆره‌ی بده‌م.
ده‌پرسم : ئه‌ی بۆ بۆچوونی خۆتیان بۆ نانووسی؟
ده‌ڵێ: ته‌مبێیان كردووم، كه قسه و ڕای تۆیان به دڵ نه‌بێ ده‌یسرنه‌وه و ئاسه‌واری نامێنێ!


ڕاست ده‌كا. یه‌ك دوو جار بۆچوونی خۆی نووسیوه، جاری دوایه كه به تێر و ته‌سه‌لی و خه‌ست و خۆڵ نووسیبووی، نه كۆمێنت ما و نه نووسراوه، به بێده‌نگێكی تێدا چوون. خاوه‌ن وێبلاگیش به حوكمی "ماڵه خۆمه، به خه‌ڵكی چی" ته‌نانه‌ت هۆی پاك كردنه‌وه‌ی، به دانسته یا به هه‌ڵه بوونی، باس نه‌كرد!


ده‌ڵێم: بۆ ماڵه خۆت دانانێی؟ ژوورێكی به قامیش بێ و به گڵ بێ بۆ خۆت دانێ. له‌ وێ ڕا ئیراده‌كانت بنووسه و قسه‌ی شه‌ش پووت شه‌ش پووت بكه. ماڵه خۆشت ده‌بێ و كه‌س ناتوانێ لێت پاك كاته‌وه. خۆ به ناشكووری ناڵێم له قسانیش دا كه‌م ناهێنی، بابه‌ته‌كانیشت به دڵه. ماوه و نه‌ماوه، هه‌ندێ زه‌حمه‌ت...


ده‌ڵێ: زه‌حمه‌ته‌كه‌ی چ نییه، هیممه‌ته‌كه‌یه له كورتێ ده‌دا. نه كاتی زۆرم هه‌یه و نه كه‌مپیۆتێری خۆم. دوای ئیش و هه‌لات هه‌لاتی ده‌رێ، سه‌گ به حه‌ساری ژوورێ ده‌ست پێده‌كا. لێنێ و بشۆو بخۆو بنوو، به‌یانی سه‌ر له‌نوێ هه‌مه‌ن هه‌مه‌ن!
ئه‌وه بۆ منداڵدار و كاركه‌ر نه‌هاتووه دانیشێ وێبلاگیش بنووسێ.


مادام بۆخۆم وه‌خۆی ده‌خه‌م ده‌بێ به لانیشی دا بشكێمه‌وه، ده‌ڵێم: ئه‌وه من ته‌نیام ده‌ر كردووه و جارێ ماڵی ئه‌وم داگیر كردووه. وه‌ره گۆشه‌یه‌كیشی بۆ تۆ. هه‌ر كاتێ قسه‌ت هه‌بوو، گولله و ده‌رمانی بایزئاغای، لێده له كه‌نداڵێ. كه‌مپیۆتێر و ئینتێرنێت و ژووری ته‌نیایه، به دڵی خۆمان ده‌كاری ده‌كه‌ین، ئه‌و جارێ خه‌ریكی دۆڵار ڕنینه‌وه‌یه، ئاگای لێ نییه.


جه‌ماعه‌ت، ئاگادار بن. فه‌ریده به ته‌مایه له‌ گۆشه‌ی ئه‌و ژووره ڕ‌ا دوونیایه هه‌ڵته‌كێنێ!
ده‌زانم بۆ من هه‌ر ته‌پ و تۆزه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام چش! با چ نه‌بێ یه‌كی تریش قسه‌ی دڵی خۆی بكا.

ئه‌گه‌ر ئه‌و نووسراوه دوو جار بڵاو بۆته‌وه، به هۆی كار نه‌كردنی بلاگێر و ئه‌له‌كتۆریسه