ڕه‌شه

Tuesday, May 13, 2003

ده‌ڵێ ئه‌تۆ كه قسه‌ی وا ده‌كه‌ی بۆ كادۆ پێچی ده‌كه‌ی؟ یا شتی وا مه‌ڵێ یا ئه‌گه‌ر كووتت، ئیدی وه‌ك پڕ و پیرێژنان ئه‌و هه‌موو په‌رژین و حاشا و شه‌رم و شووره‌یی هێنانه گۆڕی پێناوێ! ئه‌وه‌تا ئه‌وه خوێنه‌رانیش پێت ده‌ڵێن! شه‌رمت بێ پیاو، باسی شتی وا مه‌نووسه. ئه‌وه‌تا ئه‌وه ته‌نیاش كووتی ڕوونی كه‌یه‌وه ئه‌وه ئه‌تۆی وا ده‌نووسی.

‌‌‌‌به‌سه‌ر چاو، شه‌رت بێ ئه‌و جاره داوای لێبوردن له كه‌س نه‌كه‌م!
-----------------------------------------------------------------------------------------

كوڕه‌كه‌م لێم ده‌پرسێ: بابه، دایكم بۆ هه‌ر بۆڵه‌یه‌تی و شه‌ڕت ده‌گه‌ڵ ده‌كا، كه چی لێشت جوێ نابێته‌وه؟ بۆ پێت ده‌ڵێ" تۆ بێچاره‌ت كردووم، ئه‌وه ژیان نییه من هه‌مه، دیقم پێ ده‌كه‌ی". كه چی شكایه‌تیشت لێ ناكا حه‌قی خۆی بستێنێته‌وه؟

چی پێ بڵێم؟ ده‌ڵێم : ڕۆله ڕۆژێ چه‌ند جار دایكت به تۆ ده‌ڵێ " لێت ده‌ده‌م".
ده‌ڵێ: زۆر جار، جاری واشه ده‌ڵێ " به خودای لێت ده‌ده‌م".

ده‌ڵێم: ئه‌ی بۆ وا ناكا؟ ئه‌وه به ڕاستی نییه! نه لێدانی تۆ و نه شه‌ڕكردنی ده‌گه‌ڵ من!
ده‌لێ: زانیم، دایكم درۆزنه!!!

جا وه‌ره ئه‌و كه‌ره‌ی له‌و قوڕه‌ی ده‌رێنه‌وه. چۆن ئه‌و منداڵه‌ی تێده‌گه‌یه‌نی؟ چۆنی حالی ده‌كه‌ی ئێمه وا فێرین، شه‌ڕمان له‌ سه‌ر شتی زۆر چووكه و هه‌را هه‌رامان تا خوا حه‌ز كا زۆر! زۆرێ له‌و شتانه‌ی خه‌ڵكی پێ ده‌ترسێنین له ده‌ستمان نایه و ده‌یڵێین. یه‌كتر تاوانبار ده‌كه‌ین به هه‌ندێ سووچی نه‌قه‌وماو. نه كه‌س دیقی كردووه، نه كه‌س ژیانی لێ ئه‌ستێنراوه، بێچاره و به‌چاره‌ش به من لێك ناكرێنه‌وه.

ئه‌و شه‌ره گه‌وره‌یه‌ش، نه له‌ سه‌ر مافی ژنه، نه له‌سه‌ر جیابوونه، نه له سه‌ر نامووسه و داوێن پاكی، نه له سه‌ر پێش گرتن و به‌ستنه‌وه له ژوور دا.

حه‌وتووی پێش سه‌ردانی دۆستێكمان كرد، فه‌رشێكی به دیواره‌وه هه‌لواسیبوو ڕه‌سمی مامڵێی له‌سه‌ر بوو له ولات ڕا بۆی هاتبوو، یه‌كی تریشی هه‌بوو ڕه‌سمی كچێكی گوڵ به ده‌ست بوو له "تۆرۆنتۆ" كڕیبووی! خێزانیشم چاوی گرتی و كووتی با ئێمه‌ش بچین و بیكرین و ئادرێسی شوێنی فرۆشتنی وه‌رگرت. منیش سه‌ری زمانم سووتا و كووتم جارێ نا! ئه‌و هه‌موو ڕێگایه‌م پێ نابڕدرێ بۆ شتێكی وا، ڕیمان تێكه‌وت ده‌یكرین.

شه‌رێك ده‌ستی پێكردووه پێم وایه له داگیركردنی ئێراق زۆرتر بخایه‌نێ.
جه‌ماعه‌ت رێگه‌یه‌كم بۆ بدۆزنه‌وه بۆ ده‌رباز بوونێ، ته‌له‌یفوونم كردووه له‌و فه‌رشه‌یان نه‌ماوه و هه‌مووی فرۆشراوه!  

مانای بێچاره‌ بوون، به زوویی خۆم پێ نیشان ده‌دا. هه‌روه‌ها دیق پێكردن و نه‌بوونی ژیان.
 
 هه‌موو ئه‌و كرده‌وانه ده‌كه‌ین و هیوامان وایه مناڵمان وا نه‌بێ!