ڕه‌شه

Thursday, May 29, 2003

ئه‌وه دیسان كه‌و نیشان ڕێگه‌ی دام!
كۆنه باسێكم به نیوه چڵی جێ هێشتبوو به ته‌مام درێژه‌ی پێ بده‌م!

ڕه‌خنه له پارته سه‌ره‌كییه‌كانی كوردوستان

باوه هه‌ر كه‌س ویستی بڵێ ڕووناكبیرم یا منیش هه‌م، دێ ڕخنه له مامه و كاكه‌ی ده‌گرێ. زۆرێ له ڕخنه‌كانیش به جێن و ڕاستن. ئه‌و شێوازه‌ی ئه‌وان گرتوویانه كه‌م و كووڕی زۆره و بار و دۆخی ئێستای كوردوستان شپرێوی زۆره. به‌ڵام با ڕخنه له‌و ڕخنه گرتنه بگرین!!!
ڕخنه زه‌مانێ به كه‌لك دێ:

1- به گوێی ساحیب مه‌تڵه‌ب بگات! پێم وا نیه ئه‌‌وی من لێره له‌ وێبلاگی خۆم دا ده‌ێنووسم به گوێی ئه‌‌وان بگا. 

2- شێوه‌یه‌كی دروستترم پێ شك بێ و ئاراسته‌یان بكه‌م تا هه‌ڵه‌یان دووپات نه‌بێته‌وه! ئه‌وه‌شیان پێم وا نییه له ئارا دا بێ.

3- ئه‌وی من پێم وایه ڕاسته، ڕاست بێت!  ئه‌وه‌یان زۆر جێی گومانه. ئه‌و هه‌موو لایه‌نه بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه و هه‌موویان هی خۆیان پێ ڕاسته و هی ئه‌وانی تریان پێ چه‌وته! بڵێی دوو له زۆرانیش ڕاست بێ نابێ، ده‌بێ هه‌ر یه‌ک ڕاستمان هه‌بێ.

4- ویستی من له ڕخنه گرتن باشتر كردنی ژیان له كوردوستان بێت! ئه‌وه‌یان به زۆری ڕاسته، ته‌نیا هه‌ندێ له ڕخنه‌گران به نیه‌تی تر ڕخنه‌ ده‌گرن.

5- كه كووتیان فه‌رموو، كه‌‌وچك بۆ تۆ، وه‌ره تۆ باشتری بكه، بچم و بیكه‌م!
ئه‌و یه‌كه‌یان له هه‌موویان چه‌توونتره. كوا كوردی ڕووناكبیری ئوروپا و ئه‌مریكا، ژیانی ئاسووده‌ی خۆی جێ ده‌هێڵێ، بچێته كوردوستانی پاشكه‌وتوو!!! ئه‌ی چۆن ناڵه‌ی ‌غه‌ریبی به شێعر بهۆنێته‌وه و فرمێسكی بۆ بڕێژێ، ئه‌گه‌ر له غه‌ریبی نه‌بێ؟؟ ئه‌ی كێ له دووره‌وه ڕخنه بگرێ؟

كورد ده‌ڵێ: سوار هه‌تا نه‌گلێ نابێ به سوار. ئێمه سوار بوونمان پێ خۆشه، تاقه‌تی قوون وه‌ خاك كه‌وتنیمان نییه، بۆیه هه‌ر ده‌بێ به خه‌یاڵ سوار بین.
كه دیتیشمان یه‌كی دیكه ته‌پ وتۆزی فێربوونی زۆره، هه‌رامان ڕۆژه ڕێیه‌ك ده‌روا.  هه‌میشه و بۆ هه‌موو گه‌لێك وابووه: ڕخنه گرتن له كرده‌وه‌ی ئه‌وانیتر، خۆشتر و هاسانتره له جێ به‌‌جێ كردن و ڕاپه‌راندن.